گەڕانەوەی پێنجەم کاروانی ئاوارەکانی سەرێکانی کە لە 381 خێزان پێکهاتوون، بە مەبەستی تەواوکردنی پێداویستییەکان و دابینکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە، لە سبەی دوشەممەوە بۆ ڕۆژی سێشەممە 13ی تشرینی یەکەم دواخرا.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، وادەی بەڕێکەوتنی پێنجەم کاروانی ئاوارەکان لە سبەی (12ی تشرینی یەکەم) دواخراوە بۆ ڕۆژی سێشەممە (13ی تشرینی یەکەم)، تاوەکو تەواوی ئامادەکارییە لۆجستیکییەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە بۆ خێزانەکان دابین بکرێن.
ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لەگەڵ ئەو خێزانانە کۆبووەوە کە بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم کاروانەدا بگەڕێنەوە، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان و دابینکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوەیان.
کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی دوا ئامارەکان، کاروانی پێنجەم لە 381 خێزان پێکهاتووە و بەرەو گوندەوارەکانی سەرێکانی، تل تەمر و زڕگان دەگەڕێنەوە.