بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی دڵتەزێن لە شاری کۆبانێ ڕوویدا، دوای ئەوەی ئاگر لە زیندانی شارەکە کەوتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە زیندانییان و برینداربوون و خنکانی دەیان کەسی تر.
ئاگرەکە نزیکەی کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی شاری کۆبانێ کەوتووەتەوە. بەهۆی دووکەڵ و ئاگرەکەوە سێ کەس لە زیندانییان گیانیان لەدەستداوە و دەیان زیندانیی دیکەش تووشی حاڵەتی خنکان و هەناسەتەنگی بوونەتەوە.
دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکان و ئەو کەسانەی تووشی خنکان بوون، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری کۆبانێ کراون بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و گوماناوییە، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان و لێکۆڵەران دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی هۆکار ڕووداوەکە.