سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، ڕۆژی هەینی لەگەڵ شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی دۆوزی ئێزدی کۆبووەوە و دۆخی ئەمنی و کارگێڕیی شنگالیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند کە چەکدارانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و چیای شنگال دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە.
زەیدی جەختی کردەوە کە یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، هەنگاوی سەرەکییە بۆ پاراستنی دانیشتووان و دابینکردنی سەقامگیریی درێژخایەن لە شنگال.
هەروەها گوتی حکومەت دۆخی یاساییی ئەندامانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکەکانی ژنانی شنگال ڕێکدەخات و هەوڵ دەدات بیانخاتە ناو دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە فەرمییەکانی عێراق.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، سەقامگیری، خزمەتگوزاری و کێشە کارگێڕییەکانی قەزای شنگال تاوتوێ کران.
شاندی هاوپەیمانیی دۆوزی ئێزدییش پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەت، بە تایبەتی لەبارەی بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، دەربڕی.