مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ شەهیدبوونی ٩ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە شاری سلێمانی دەربڕی و بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی کرد.
مەزڵوم عەبدی لە هەژماری فەرمیی خۆی ڕایگەیاند: "بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی شەهیدبوونی نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانمان لە شاری سلێمانی بیست، کە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەركەکانیاندا بەهۆی هێرشی ڕژێمی ئێرانەوە شەهید بوون. ئێمە جارێکی دیکە سەرجەم ئەو هێرش و پەلامارانە سەرکۆنە دەکەین کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان، سەرکردایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ئەو ڕووداوە خواست.