هەڵزوار میتانی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی هەرێمی ڕۆژهەڵات لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیدا لەگەڵ نووچە تیڤی باسی لە پرۆسەی تێکەڵکردن و هەنگاوەکانی داهاتووی سەربازی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت مافەکانی کورد لە سووریای نوێدا بە تەواوی بێنە ناسین.
میتانی ڕایگەیاند کە پرۆسەی تێکەڵکردنی سەربازی بەرەو قۆناغی کۆتایی هەنگاو دەنێت و لەم نزیکانەدا گۆڕانکاریی ڕیشەیی و گەورە لە پێکهاتەی سوپای سووریادا ئەنجام دەدرێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد که بەشداریی گەنجانی کورد لە ناو ڕیزەکانی سوپادا جیاواز لە ڕابردووە و نەوەی نوێ ئێستا بەشدارن لە لیرە و یەکە سەربازییەکاندا.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی هەرێمی ڕۆژهەڵات جەختی لەوە کردەوە کە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئەم خاکەن و بڕیاریان داوە نەگەڕێنەوە دواوە بۆ دۆخی پێش ساڵی 2011، هەر بۆیە پەیوەندی و بەستنەوەی کورد بە سوپای نوێی سووریاوە بەستراوەتەوە بە دابینکردن و ناسینی ڕاستەقینەی مافەکانیانەوە.