پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند، پارتەکەی هەڵوێستی خۆی لەسەر چارەسەری پرسی کورد بە ڕوونی گواستووەتەوە ناو دانوستانەکان و بەشداریی لە گفتوگۆکانی تایبەت بە چارەسەریدا دەکات.
ئینان ئاکگۆن ئالپ، پەرلەمانتاری قەرس لە جەهەپە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند، ئەوان لە ژێر چەتری پەرلەماندا و لە ڕێگەی لیژنەکانی چاودێرییەوە، لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە تیشکی خستەسەر لایەنە ئابوورییەکانی شەڕ و پێدادانەکان و گوتی، تێچووی ساڵانەی ئەم پرۆسەیە لە ڕابردوودا بۆ تورکیا 140 ملیار دۆلار بووە و تێچووی گشتیی گەیشتووەتە دوو تریلیۆن و 300 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا ئەگەر ئەو سەروەتە بۆ کەرتی ئابووری بەکار بهاتایە، ئێستا تورکیا لە هەموو بوارێکدا دەبووە وڵاتێکی پێشکەوتوو.