ئەمڕۆ 24ـی نیسان، یادی 52 ساڵەی بۆردومانکردنى ناوەندى شارى قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانیە، کە لەلایەن ڕژێمی پێشووى بەعسەوە ئهنجامدرا، بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە پەیامیان بڵاوکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، بە ڕێز و شکۆوە یادی 52 ساڵهى قوربانیانی ئەم بۆردومانە دەکەینەوە، ئهو تاوانكارييهى کە ڕژێمى ئهوساى عێراق ئهنجامیدا، بەهۆیەوە دەیان قوتابی، مامۆستا و هاوڵاتیی بێتاوان شەهید و بريندار بوون.
دەشڵێت، قەڵادزێ و پشدەر هەمیشە قەڵایەکی پتەوی شۆڕش و قوربانیدان بووە، لە هەموو ڕوویەکەوە شایستەی باشترین بايهخپێدان و ئاوڕلێدانهوەى جددین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵیادەکەدا ڕایگەیاندووە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی قەڵادزێ و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
هەر لەوبارەیەوە، قایمقامییەتی قەزای پشدەر بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە بە هەلومەرجێكی ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت، بۆیە هیچ مەراسیمێک بۆ ئەو بۆنەیە ساز ناکرێت.
جەختیان لەوەشکردووەتەوە، هەر لایەن و گرووپ و كەسایەتیەك ئازادن لە چۆنیەتی چوونە سەر گڵكۆی شەهیدان و دانانی تاجەگوڵینە و یادكردنەوەی ساڵیادەکە.
