هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕایگەیاند، وەستاندنی شەڕ و پێکدادان تەنیا بە بنیاتنانی زەمینەیەکی یاسایی گەرەنتی دەکرێت و یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتیش سەرەتایەک دەبێت بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان.
سەرحەد چاکماک، هاوسەرۆکی گشتیی ئیهایە، لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت، هەرچەندە ڕەخنەیان لە ناوەڕۆکی یاسای چوارچێوە هەیە سەبارەت بە دەستنیشاننەکردنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەڵام وەک هەنگاوێکی گرنگ هەڵیدەسەنگێنن و دەتوانرێت لە قۆناغی داهاتوودا لەڕێگەی هەموارکردن و ئامادەکردنی یاسای نوێوە ئازادی بۆ ئۆجەلان دەستەبەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی دەستووری تورکیا پێویستە سەرجەم بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئازادی بۆ ئۆجەلان جێبەجێ بکرێن.
چاکماک جەختی لەسەر بەشداریکردنی کۆمەڵگە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە پرۆسەی ئاشتیدا کردەوە و وتی، سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاستەوخۆ بەندە بە بەشداریکردن و کارایەتیی کۆمەڵگەوە.