ڕاستەوخۆ

هێرشی درۆنی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سوودنیا؛ ریاض ڕادەگەیەنێت کە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی هێرشەکەی نەداوەتەوە

reset font size increase font size

لەگەڵ بەردەوامی و فراوانبوونی بازنەی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستدا، وەزارەتی دەرەوەی سوودنیا ڕایگەیاند کە بە چەند درۆنێک لە خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر بۆری و دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لە هەردوو شاری ڕیاز و مەدینە، و بەو هۆیەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و زیانی مادیی گەورە بەر کەرتەکە کەوتووە.

سەبارەت بە هەڵوێستی ڕیاز لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا، وەزارەتی دەرەوەی سوودنیا ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە بە مافی خۆیان دەزانن وەڵامی پەلامارەکە بدەنەوە و ئاسایشیان بپارێزن، بەڵام "لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودنیا وەڵامی هێرشەکەی نەداوەتەوە" و چاوەڕێی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات.

ئەم بۆرییە نەوتییەی کە هێرشی کرابووە سەر (ڕۆژهه‌ڵات بۆ ڕۆژئاوا)، ژێرخانێکی ستراتیژییە و لە ساڵی 1980ـەوە وەک جێگرەوەیەکی گەرووی هورمز دروست کراوە و دەتوانێت ڕۆژانه‌ حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سوودنیاوە بگوازێتەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای سوور لە ڕۆژئاوا.

لە بەرامبەردا، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و جەختی لە سووربوونی حکومەت کردەوە لەسەر ئەوەی ڕێگە نادەن لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، بەتایبەت بۆ تێکدانی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عێراق و سوودنیا، و ڕایگەیاند کە حکومەت بێدەنگ نابێت و ڕکاری یاسایی بۆ سزادانی تێوەگلاوان دەگرێتە بەر.

لە چوارچێوەی ڕکار و ڕێکارە ئەمنییەکاندا، عەلی زەیدی فەرمانی دا بە داخستنی دەروازەی سنووریی شەلامچە لەگەڵ ئێران، هەروەها فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگەی میسانی دوور خستەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هێرشەکە پێکهێنا.

هاوکات، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا سوودییەکەی، جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگیی دۆستانە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.