سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت پلانی ستراتیژیی گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٧ تا ٢٠٣٠ تاوتوێ کرد و عەلی فالح زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵات دەبێت لەگەڵ قەبارەی یەدەگ و ژمارەی دانیشتووانەکەیدا بگونجێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، زەیدی تیشکی خستە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی ڕووبەری پشکنین و دۆزینەوەی کێڵگەی نوێ.
هەروەها ڕێنمایی دا کە وەزارەتی نەوت ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی بەرفراوان بە بەشداریی کۆمپانیا جیهانییە گەورەکان بکات بە مەبەستی ڕاکێشانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیای هاوچەرخ، بە ئامانجی گەیشتن بە بەرهەمهێنانی نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٣٠.