ڕاستەوخۆ

قەبارەی گازی هاوردەکراوی ئێران بۆ عێراق بە ڕێژەی 50٪ کەمبووەتەوە

reset font size increase font size

عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی نوێی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە دەبێتەوە، دوای ئەوەی هەناردەی گازی سروشتیی ئێران بۆ وڵاتەکە کەمبووەوە بۆ نیوەی ئەو بڕەی، کە لەسەری ڕێککەوتوون. هاوکات عێراق بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە نەیتوانیوە بڕی دوو ملیار دۆلاری قەرزی گازی ئێران بداتەوە.

ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبا و شارەزای بواری وزە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، عێراق گرێبەستێکی فەرمیی لەگەڵ ئێراندا هەیە بۆ کڕینی 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی لە ڕۆژێکدا، کە ئەم بڕە گازە نزیکەی 30٪ی تەواوی کارەبای نیشتمانیی عێراق دابین دەکات. بەڵام لە ئێستادا تاران کەمتر لەو بڕە دەنێرێت.

عەبادی ئاشکرای کرد لە ئێستادا ڕۆژانە تەنیا 25 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی دەگاتە عێراق، کە 20 ملیۆن مەتر سێجا بۆ وێستگەکانی ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق. پێنج ملیۆن مەتر سێجاش بۆ وێستگەکانی باشووری عێراقن.

ئەم بڕە لە کاتێکدایە، کە ماوەیەکە پێنج ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی زیاد کراوە، چونکە پێشتر بڕی هەناردەکە تەنیا 20 ملیۆن مەتر سێجا بووە.

سەبارەت بە دۆسیە داراییەکان، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لە بەرامبەر کڕینی گازدا، بڕی دوو ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە، بەڵام بەهۆی ئەو سزا توندانەی ئەمریکا کە بەسەر کەرتی دارایی و بانکیی ئێراندا سەپاندوویەتی، بەغداد ناتوانێت ئەو پارەیە ڕادەستی تاران بکاتەوە.

هاوکات، عێراق پێشتر لە ڕێگەی چوار هێڵەوە کارەبای ڕاستەوخۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد، کە بڕەکەی لە نێوان 1000 بۆ 1200 مێگاوات بوو، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە کارکردن لەو چوار هێڵە بە تەواوی وەستاوە، ئەمەش دیسانەوە بۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی وزەی ئێرانەوە دەگەڕێتەوە.

لە ساڵی 2018ەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەردەوامی فشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق تاوەکو دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە خێرا بکات و پشتبەستنی خۆی بە گاز و کارەبای ئێران کەم بکاتەوە.

لەو ماوەیەشدا ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی کاتیی لە سزاکانی بۆ عێراق نوێ کردووەتەوە، تاوەکو ڕێگەی پێ بدات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وزە لە ئێران بکڕێت و کەرتی کارەبای وڵاتەکە بە تەواوی دانەتەپێت.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.