سەرۆکی هەر دوو وڵاتی ڕوسیا و ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا باسیان لە هەوڵەکانی ئاشتی، دۆخی مەیدانیی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
ئاژانسەکانی هەواڵی ڕوسیا بڵاویانکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە، بە دەستپێشخەری لایەنی ڕوسی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ ماوەی یەک کاتژمێرونیو لە نێوان ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدرا.
بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسەکان لەم گفتوگۆیەدا، پوتین زانیاریی وردی لە سەر دۆخی بەرەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا پێشکەش بە ترەمپ کردووە، هەروەها ئامادەیی ڕوسیای بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کاتی ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەرکەوتنی ڕوسیا دەربڕیوە.
سەرۆکی ڕوسیا جەختی لەوەکردەوە، ئۆکرانیا پەنا بۆ "شێوازی تیرۆریستی" دەبات و ئامانجە مەدەنییەکان لە ناو خاکی ڕوسیا دەپێکێت.
لە بەرانبەریشدا، ترەمپ ڕایگەیاندووە، "ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی ئۆکرانیا نزیکە".
لە بارەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلیش، پوتین پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران نیشانداوە و بە هەنگاوێکی "ڕاست" ناوزەندی کردووە، کە دەبێتە هۆی سەقامگیری و کردنەوەی دەرگەی دانوستان.
ئاماژە بەوەشکراوە، پوتین لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە واشنتنی بە توندی سەرکۆنە کردووە و هاوسۆزی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕیوە.