لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نوێنەری هەمیشەیی وڵاتانی روسیا، چین و ئێران لە ڤیەننا، لەگەڵ رافائێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کۆبوونەوە و پێداگرییان لە چارەسەری سیاسی کردەوە.
ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی روسی، لە زاری میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری روسیا رایگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەدا، پێداگریی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کراوە و هەماهەنگی نێوان ئەم سێ وڵاتە بەردەوام دەبێت.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ بیر لە هێرشێکی سنووردار بۆ سەر بنکە سەربازی و حکومییەکانی ئێران دەکاتەوە تاوەکو تاران ناچار بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ بکات.