ڕاستەوخۆ

پەرلەمانی عێراق لە نزیکەوە بڕیار لەسەر قەیرانی سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان دەدات

reset font size increase font size

بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، هەریەکە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاپۆرتی فەرمیی خۆیان لەبارەی هۆکار و چارەسەرەکانی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی ڕادەستی لێژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق بکەن.

د. غالب محەممەد، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر کۆبوونەوەی لێژنە حەوت کەسییەکە لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو وەزارەتدا، بەڵام تا ئێستا ڕاپۆرتی کۆتایی پێشکەش نەکراوە. ئاماژەی بەوەش دا کە دوای وەرگرتنی ڕاپۆرتەکان، لێژنەکەیان هەڵسەنگاندنی پێویست دەکات و بۆ بڕیاردانی کۆتایی بەرزی دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

ئەندامەکەی لێژنەی نەوت و غاز ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ بنەبڕکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان، ئەوان پێشنیار دەکەن وەزارەتی نەوتی عێراق پشکی ڕۆژانەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت کە دەیخاتە خزمەت هەرێمەوە ڕابگرێت و لە بەرامبەردا خۆی ڕاستەوخۆ بەنزین و سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراوی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا قەیرانی بەنزین لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش سەری هەڵداوە و حکومەتی فیدراڵ لیژنەیەکی تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی پێکهێناوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.