وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەرییەوە، پاداشتێکی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند بۆ هەر زانیارییەک، کە ببێتە هۆی دەستگیرکردن یان ئاشکراکردنی شوێنی ئەمیر یاریاب، فەرماندەیەکی دیاری ئێرانی لە باری جەنگی ئەلیکترۆنیدا.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئەمریکا، ئەمیر یاریاب بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی تۆڕێکی ئاڵۆز لە یەکە هێرشبەرەکان و گرووپە هاککەرە مەترسیدارەکان دەکات، کە دامەزراوە ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج. هێرشەکانی ئەم تۆڕە لە سیخوڕیی ئاساییەوە گۆڕاون بۆ تێکدانی کرداریی ژێرخانە هەستیارەکانی وەک کۆمپانیاکانی وزە، سیستەمی دارایی، فڕۆکەخانەکان و وێستگەکانی ئاو و کارەبا لە ئەمریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
واشنتن ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمیر یاریاب تۆڕەکەی بە شێوازێکی زۆر سەربەخۆ و تۆکمە ڕێکخستووە، بە جۆرێک، کە دەتوانێت هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە بەردەوامی ئەنجام بدات، تەنانەت لەو کاتانەشدا ئینتەرنێتی ناوخۆیی لە ناوخۆی ئێراندا بە تەواوەتی پچڕاوە.