سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (فۆکس نیوز) ڕایگەیاند، واشنتن ستراتیژیی خنکاندنی ئابووری بەرامبەر تاران پەیڕەو دەکات و جەختی کردەوە، جیهان چی دیکە بەرگەی ڕەفتارەکانی ئەو ڕژێمە ناگرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 4ی ئەیلولی 2026، سکۆت بێسێنت ڕایگەیاند، ئەمریکا لە ڕێگەی گوشارە داراییەکانەوە دراوی ئێرانی بێ بەها کردووە و ڕژێمەکەی خنکاندووە، ئاماژەی بەوەش کرد، دوای سزاکانی 24ی ئاب، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ 22.5 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە. سەبارەت بە بازاڕی وزەش، وەزیری گەنجینە پێشبینی کرد دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە، بەهۆی زۆربوونی خستنەڕوو، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ 40 تا 50 دۆلار دابەزێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری دایە چین سەبارەت بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران (کە 90٪ی هەناردەی ڕۆژانەی تاران پێکدەهێنێت) و ئاشکرای کرد، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ڕێکاری نوێ لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنرێت. هاوکات وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر ڕۆژنامەکانی (فاینانشاڵ تایمز) و (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و نەرێنی سەبارەت بە تواناکانی ئەمریکا لە جەنگەکەدا تۆمەتباری کردن.