وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر گرێبەستێکی گەورەی سەربازی دەربڕی کە تێیدا فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی F-35 بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار دۆلار دەفڕۆشێتە عەرەبستانی سعوودی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی ئەگەریی 48 فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-35 Lightning II) بۆ عەرەبستانی سعوودی دەربڕیوە، لە گرێبەستێکدا کە بەهاکەی بە 24.3 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوە، گرێبەستەکە جگە لە 48 فڕۆکە جەنگییەکە، 49 موتور لە دروستکراوی کۆمپانیای (Pratt & Whitney)، کەلوپەلی پەیوەندیکردن، پارچەی یەدەگ و کەلوپەلی پشتگیریی تەکنیکی لەخۆدەگرێت. جێی ئاماژەیە، جێبەجێکردنی کۆتایی ئەم گرێبەستە پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکا دەبێت.
ئەم هەنگاوەی واشنتۆن بە وەرچەرخانێکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا دادەنرێت و ڕەنگە هاوسەنگیی هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.
لای خۆشییەوە سەفارەتی سعوودیە لە واشنتۆن پێشوازی لەم بڕیارە کردووە و بە هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژی و بەرگریییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەسفی کردووە.