ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی سەرەتاییدا، پڕۆژەیاسایەکی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ بەڕێوەبردنی جەنگی دژی ئێران خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە. ئەم پڕۆژەیە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر ترەمپ نەتوانێت ڕەزامەندیی کۆنگرێس بەدەست بهێنێت، دەبێت کۆتایی بە کردەوە سەربازییەکان دژی تاران بهێنێت.
ڕۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە 50 دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر 47 دەنگی نەخێر، بڕیاری دا پڕۆژەیاسای سنووردارکردنی دەسەڵاتە جەنگییەکانی سەرۆک بخاتە بەرنامەی کارەوە.
سەرجەم سیناتۆرە دیموکراتەکان، جگە لە یەکێکیان، لەگەڵ 4 سیناتۆری کۆماری دەنگیان بە پڕۆژەکە دا. ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێک بۆ ئەو یاسادانەرانە دەبینرێت، کە پێیان وایە بەگوێرەی دەستوور، بڕیاری ناردنی هێز بۆ جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتی کۆنگرێسدایە، نەک سەرۆکی وڵات.
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە، پڕۆژەکە بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی کارا، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی قورس دەبێتەوە. تەنانەت ئەگەر لە ئەنجومەنی پیرانیش بە تەواوی پەسەند بکرێت، دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەران کە کۆمارییەکان تێیدا باڵادەستن، دەنگی لەسەر بدرێت.
گەورەترین ئاستەنگیش ئەوەیە، ئەگەر ترەمپ ڤیتۆی بکات، دەبێت هەردوو ئەنجومەنەکە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بڕیارەکە پەسەند بکەنەوە بۆ ئەوەی ڤیتۆکە بشکێنن، ئەمەش لەژێر سایەی دابەشبوونی سیاسیی ئێستای ئەمریکادا کارێکی یەکجار ئەستەمە.