وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی مۆڵەتی شوفێریی دیجیتاڵی پەسەند کرد و ڕای گەیاند، مۆڵەتی دیجیتاڵی هاوشێوەی مۆڵەتی کارت، هێزی یاسایی هەیە و لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆوە کاری پێ دەکرێت.
وەزارەتەکە لە نووسراوێکی فەرمیدا, کە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، ئاماژەی بەوە کردووە, بڕیارەکە لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دراوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی داواکردنی مۆڵەت لەلایەن ئەفسەر یان کارمەندی هاتوچۆوە، شوفێر دەتوانێت مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی کارت یان بە شێوازی دیجیتاڵی بخاتە ڕوو.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم هەنگاوە قۆناغێکی دیکەیە لە بواری حکوومەتی ئەلیکترۆنی و هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (KRDPass)ـەوە ناسنامە و مۆڵەتە فەرمییەکانیان بە دیجیتاڵی هەڵبگرن و لە بازگە و خاڵەکانی پشکنینی هاتوچۆدا بەکاری بهێنن.