وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا، داوای لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کردووە، کۆمپانیاکانی کەرتی گەیاندن و ئینتەرنێت ئاگادار بکاتەوە تاوەکو هاوکاریی پڕۆسەی خوێندن بن.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، لە نوسراوێکی فەرمیدا داوای کردووە کە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ئۆفەری تایبەت بۆ قوتابیان، خوێندکاران و مامۆستایان دابین بکەن. جەختی لەوەشکردووەتەوە پێویستە نرخ و کواڵتیی ئینتەرنێتەکە بە جۆرێک بێت کە لەگەڵ بارودۆخی دارایی و پێداویستییە تەکنیکییەکانی پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنیدا بگونجێت.
داواکارییەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دوای ئەوە دێت کە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕیاریانداوە، ئەو ماوەیەی لە ساڵی خوێندن ماوەتەوە بە شێوەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەڕێوەبچێت.
گۆڕینی شێوازی خوێندن بۆ ناو پۆلە دیجیتاڵییەکان وایکردووە ئینتەرنێت ببێتە پێداویستییەکی سەرەکی و ڕۆژانە بۆ سەرجەم خوێندکاران و مامۆستایان.
