قەیس خەزعلی، ڕابەری بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی هەق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند کە هەرچەندە پێشمەرگە وەک دامەزراوەیەک لە دەستووری عێراقدا ناسراوە، بەڵام پێویستە بخرێتە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی پێشمەرگە لە چەکداماڵیندا نییە، چونکە چەکەکانیان تۆمارکراون، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە هێزەکە تەنیا فەرمان لە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم وەردەگرێت و هیچ پەیوەندییەکی بە فەرماندەی گشتییەوە نییە.
خەزعلی کە پێشتر ئامادەییی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەناوەندیکردنی چەک و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن دەوڵەتەوە ڕاگەیاندبوو، جەختی کردەوە کە سەرکردەکانی هەرێمیش دەبێت لەم پرسەدا هاوکار بن و بڕیارە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا باس بکات.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پنجشەممە ڕایگەیاند کە پرۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی یەکەکان لە چوارچێوەی وەزارەتەکەدا بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هاتووە.