بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر فەرماندەیی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە سلێمانی و لەلایەن پاسەوانانی فەرماندەییەکەوە خرایە خوارەوە. گرووپێکی عێراقیش، بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.
کەمێک دوای ڕووداوەکە، گرووپی سەرایای ئەولیا ئەلدەم، کە یەکێکە لە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، موجاهیدە ئازاکانمان ئەمڕۆ هێرشێکیان لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دا و ئامانجێکی هەستیاریان لە سلێمانی پێکا.
سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکەش، گرووپەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە هێرشەکەیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە بۆ کوژرانی "عەلی خامنەیی" و هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە کە بوونەتە هۆی کوژرانی کۆمەڵێک لە چەکدارە عێراقییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، درۆنەکە لە ئاسمان لەلایەن پاسەوانانی فەرماندەیی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگەوە تێکشکێندراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.