دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت، پەیوەندییەکە دۆستانە بووە و دەیانەوێ قەیرانی ئۆکرانیا چارەسەر بکرێت.
یوری ئوشاکۆڤ، پاریدەدەری ڤلادیمێر پوتن ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، کاتژمێرێکی خایاندووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامی سەردانەکەی شاندی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ و کیێف کردووە.
دەشڵێت، هەردوولا ئەنجامی سەردانەکەیان بەدڵ بووە، کۆبوونەوەکانی نێوان هەرسێ وڵات بەردەوام دەبن و دەیانەوێت کێشەی ئۆکرانیا چارەسەر بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ترەمپ دەیەوێت لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا هەنگاوێکی گەورە بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا بنێت و بە پوتنیشی گوتووە، کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن.