پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کۆتایی بهێنن بە دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان، ڕەفتاری خراپ و لەسێدارەدانی بێ دادگاییکردن، کە بە تایبەتی گەلانی کورد و بەلووچ دەکەنە ئامانج.
پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، گەلانی جیاواز مافی ئەوەیان هەیە لەناو ئاسایش، کەرامەت و ژیانێکی دوور لە جیاکاری بژین. لە ڕاپۆرتەکەدا دەستنیشان کراوە کە دوای ئەو خۆپیشاندانانەی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ئێران دەستیان پێکرد، هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و ڕووداوەکانی ئەشکەنجەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ زیادیان کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لانی کەم ٢٤ هاوڵاتیی بەلووچ و ٢٢ هاوڵاتیی کورد لەسێدارە دراون، هەروەها زۆر کەس کە پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادیشیان لەنێودایە، ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان بوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە لەوەش کراوە، گوشارەکانی سەر چالاکوانانی کورد لە دەرەوەی ئێران زیادیان کردووە، دەست بەسەر ماڵ و موڵکی سەدان ئێرانیی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتدا گیراوە و بۆ ٣٧ چالاکوانی کورد بڕیاری دەستبەسەرکردن و داوای ڕادەستکردنەوە دەرکراوە.