ڕاستەوخۆ

تورکیا، سعودییە و پاکستان ڕێککەوتنی بەرگریی مەککەیان واژۆ کرد

reset font size increase font size

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سعودییە، ڕێککەوتننامەیەکی بەرگری لە نێوان تورکیا، سعودییە و پاکستان لە ژێر ناوی (ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە) واژۆ کرا. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە بەهێزکردنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیە.

لە گرنگترین بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنەدا، بنەمای کاردانەوەی بەکۆمەڵ لەسەر بنەمای مادەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیر کراوە، بە شێوەیەک، کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت.

لە خاڵە سەرەکی و ستراتیژییەکانی ڕێککەوتنەکە هاوکاری و بەهێزکردنی توانای سەربازی و ئۆپەراسیۆنیی هێزەکانی هەرسێ وڵات لەخۆ دەگرێت، بە ئامانجی گەیشتن بە ناوچەیەکی "بێ تیرۆر" و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی سەربازی.

لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هاوپەیمانییە بۆ تورکیا جێگرەوەی ئەندامێتی لە هاوپەیمانیی ناتۆ یان ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی تەواوکارە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی، ڕێڕەوەکانی بازرگانی و دابینکردنی وزە.

لە ڕێککەوتننامەکەدا جەخت کراوەتەوە، ئەم ڕێککەوتنە بە مانای ناردنی سەربازانی تورکیا بۆ هەر ململانێیەکیی ناوچەیی نایەت، بەڵکو ناردنی هێز و بەشداریی سەربازی تەنیا لە ڕێگەی میکانیزمە یاسایی و دەستوورییەکانی ناوخۆی وڵاتەوە بڕیاری لێ دەدرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هاوپەیمانییە نوێنەرایەتی "هێڵی برایەتی لە ئەنقەرەوە بۆ حیجاز و لە ئیسلام ئابادەوە بۆ ڕیاز" دەکات و لەسەر بنەمای بەها و مێژووی هاوبەشی نێوان نەتەوەکان دروست بووە، نەک تەنیا بەرژەوەندیی کاتیی سیاسی.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.