بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی کاتیی سووریا ڕایگەیاند، دەروازەی سێمالکا لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان تەواو فەرمییە، و ئەو ڤیزا و مۆرەی لەوێ لێدەدرێت یاساییە و گەشتیاران دەتوانن بەبێ ڕێکاری ئەمنیی زیادە بچنە هەر پارێزگایەکی سوریا.
مازن عەلوش، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی دەروازەکانی سوریا ڕاگەیاند، تەواوی ڕێکارەکان لە سێمالکا بەپێی یاساکانی کۆماری سوریا جێبەجێ دەکرێن و ڤیزاکەی هەمان قورسیی یاسایی دەروازەکانی دیکەی هەیە.
کۆنترۆڵی کارگێڕیی دەروازەکە لە سەرەتای ئەمساڵدا (٢٠٢٦) بۆ دیمەشق گوازرایەوە، ئەمەش دوای ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی کاتی و ڕۆژاوای کوردستان بۆ تێکەڵکردنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی کورد بە پێکهاتەکانی دەوڵەت، کە دوای شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردووی نێوان سوپای سووریا و هەسەدە هات.
عەلوش ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ "لیستێکی ڕەش" بۆ قەدەخەکردنی هاوڵاتییانی وڵاتان نییە و پرۆسەی ڤیزا وەک دەروازەکانی دیکەیە؛ ئەوانەی مافی ڤیزای ڕاستەوخۆیان هەیە لەوێ وەری دەگرن و ئەوانی دیکەش دەبێت پێشوەختە لە باڵیۆزخانەکانەوە داوای بکەن.
بۆ ڕۆژنامەنووسانی بیانی، مەرجە پێشوەختە ڕەزامەندیی وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا وەربگرن، و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندییەکەش لە ڕسووماتی چوونەژوورەوە دەبەخشرێن