به‌هۆی ئه‌و نیگه‌رانیی و ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌ی دروستبووه به‌رامبه‌ر داربڕینی ناوچه شاخاوییه‌كانی سنوری پارێزگه‌ی دهۆك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه، له‌په‌رله‌مانی عێراق واژۆ كۆده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسه بخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه و قسه‌ی له‌باره‌وه بكرێت.
د.غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی هه‌ڵوێست، بە نووچه تی ڤی گووت، له كۆبونه‌وه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتار هیوا مه‌لا ئاده‌م به نوسراو داوایان له‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی عێراق كردووه، واژۆی 60 په‌رله‌مانتار كۆبكرێته‌وه و پرسی داربڕینی ناوچه شاخاوییه‌كانی سنوری پارێزگه‌ی دهۆك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه بخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه و به‌جدیی قسه‌و باسی له‌سه‌ر بكرێت.
د.غالب محه‌مه‌د ڕاشیگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت په‌رله‌مانی عێراق وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمیی و نوێنه‌رانی گه‌لی عێراق، هه‌ڵوێستی فه‌رمیی له باره‌ی ئه‌و پێشێلكارییه‌ی توركیاوه ڕابگه‌یه‌نێت.
بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌ند گرته ڤیدۆیه‌ك كه ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگری توركی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و دارانه‌یان باركردووه كه ده‌وڵه‌تی توركیا له ناوچه شاخاوییه‌كانی سنوری پارێزگه‌ی دهۆك بڕیویانەته‌وه و ڕه‌وانه‌ی سنوری توركیا ده‌كرێن، نیگه‌رانیی و ناڕه‌زایه‌تیی توندی جه‌ماوه‌ریی له‌ناوچه جیاكانی هه‌رێمی كوردستانی به‌دوای خۆیدا هێناوه.