حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیاندا زیاتر لە ترلیۆنێک و 359ملیار دینار لە پارە و موڵک و ماڵ بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕێنراونەتەوە.
وتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 26هەزار زانیاری و هەواڵدەری لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی گەیشتوونەتە دەست دەستەی دەستپاکی، هاوکات جەختی کردەوە کە هەڵمەتی حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی دامەزراوەیی لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیراندا بەردەوامە و هیچ وەستانێکی تێدا نییە.
عەبودی ئاماژەی بەوەش کرد دەسەڵاتی دادوەریی عێراق گەورەترین گەرەنتییە بۆ پشتیوانیکردنی هەڵمەتەکە، هەروەها جەختی لە گرنگیی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی کردەوە وەک ئەڵقەیەکی خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی یاسای هەواڵدەران، پاداشتی تەرخانکراو دەگاتە 5٪ی بڕی ئەو پارانەی دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی بدات.