پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێ، چوارچێوەی یاسایی تەواو بووە و ئێستا کاتی جێبەجێکردنە، هۆشداریش دەدات دواکەوتنی پرۆسەکە مەترسیی ئاژاوەگێڕی و تێکدان زیاتر دەکات.
گوڵستان کڵچ کۆچیی غیت، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی)، بەشداری لە کۆنفرانسی ئاشتی و یەکگرتنی دیموکراتی لە لەندەن کرد، دواتر بۆ ڕۆژنامەی (یەنی یاشام) هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد.
کۆچیێ غیت، سەرنجی ڕاکێشایە سەر لایەنی مێژووییی پرۆسەکە و ڕوونی کردەوە کە بنەمای ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدەیەک پێش ئێستا دانراوە. جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی وەک بەریتانیا لە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورددا ڕۆڵی هەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ڕێکخستنی یاسایی لە پەرلەمان تێپەڕیوە بەڵام جێبەجێکردنی دواکەوتووە، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بڕیاری پەسەندکردن بدات و لیژنەکان بە خێرایی دەست بەکاربن. هۆشداریشیدا کە دواکەوتنی پرۆسەکە مەترسیی ئاژاوەگێڕی و تێکدان زیاتر دەکات.