ڕاستەوخۆ

سێنتکۆم کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی لە عێراق ڕاگەیاند و بارەگای هاوپەیمانانی گواستەوە بۆ ئوردن

reset font size increase font size

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئەیلولی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەفەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی پێداگریی پۆڵایین" لە عێراق ڕاگەیاند.

سێنتکۆم ڕوونی کردەوە، کشانەوەی هێزەکان بەشێکە لە پلانی گواستنەوە بەرەو پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵی لەنێوان واشنتن و بەغدا، لە کاتێکدا هێزی ئەرکی هاوبەشی هاوپەیمانان بارەگاکەی گواستووەتەوە بۆ ئوردن تاوەکو لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و حکومەتی سوریا بەردەوامی بە ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بدات لە ناو خاکی سوریادا.

ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، دەستخۆشی لە سەرباز و دیپلۆماتکارانی ئەمریکی کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی قوربانیدانی ئەوانەوە، داعش چیدی هەڕەشەیەکی سیستماتیک نییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق. کووپەر جەختیشی کردەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا خاوەنی توانا، سەرکردایەتی و سەربەخۆیی ئۆپەراسیۆنین بۆ ئەوەی بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکاندا بڕەوێننەوە.

سێنتکۆم ئاشکرای کرد، پرۆسەی کشانەوەکە لە تشرینی یەکەمی پارەوە دەستی پێکردووە و لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بە گواستنەوەی تەواوەتیی کارمەندان و کەلوپەلەکان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، کە ناوەندی سەرەکیی سەرپەرشتیکردنی زیاتر لە 1500 سەربازی هاوپەیمانان بوو لە ساڵی 2014ەوە کۆتایی پێهاتووە.

فەرماندەی سێنتکۆم دووپاتی کردەوە، سەرباری ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتیی ئاسایش بە بەغدا، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەریی داعش.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.