عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، دوای 35 ساڵ لە حوکمڕانیی کوردی، ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتیان بە تەواوەتی لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوە دا کە پشکی شێری ئەم دابەشکارییە بەر دادگاکان، زەویوزار و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کەوتووە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە ململانێکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا بە فەرمی سنووری گومرگی دانراوە و ڕێگە بە جووڵەی ئازادانەی کەلوپەل نادرێت.
عەلی حەمەساڵح لە لێدوانەکەیدا گوتی:
"دۆخەکە بە جۆرێکی لێهاتووە کە هیچ کەلوپەلێک بە بێ گومرگ لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا ئاڵوگۆڕ ناکرێت."
ئەم لێدوانانەی بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست لە کاتێکدایە کە پرسی یەکخستنەوەی دامەزراوەکان و نەهێشتنی پشکنین و باج لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا، هەمیشە یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانی هاونیشتمانیان و بازرگانان.