لەگەڵ پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە" لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە کە قۆناغێکی نوێی لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەستپێکردووە، پڕۆفیسۆر د. ئۆنور حەمزەئۆغڵو جەخت دەکاتەوە کە هەرچەندە ئەم یاسایە ڕەوشی ڕاگرتنی شەڕی خستووەتە سەر زەمینەیەکی یاسایی، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستە هەنگاوی جددی بۆ دیموکراتیزەکردن، هاووڵاتیبوونی یەکسان، دابینکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و چارەسەری سیاسیی پرسی کورد بنرێت.
حەمزەئۆغڵو ڕوونی کردەوە کە ئەم یاسایە تەنیا هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و بە تەنیا بۆ پرۆسەی دیموکراتیزەکردن بەس نییە.
هەروەھا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان چاوەڕێ ناکەن دەسەڵاتدارێتی خۆبەخۆ دەست پێشخەریی دیموکراتیزەکردن بکات، بەڵکو بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئاساییبوونەوەی کۆمەڵایەتی، پێویستە پارتی دەم و ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی داواکارییەکانی ئاشتی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکەنەوە و تێکۆشانی هاوبەش فراوانتر بکەن.