وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە لە کاتی بەڕێوەچونی ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردندا لە باکووری بیابانی ڕاوە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوی پاشماوەی چەکدارانی داعشەوە، دوو سەربازی سوپا گیانیان لەدەست دا و دوو سەربازی تریش بریندار بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی بەرگری، ڕووداوەکە لە کاتی ئۆپراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی هێزەکانی لیوای ٢٧ی سەر بە فیرقەی حەوتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی جەزیرە، لە باکووری بیابانی ڕاوە لە سنوری باشووری پارێزگای نەینەوا ڕووی داوە.
وەزارەتی بەرگری وێرای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو دوو سەربازە و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، جەختی لەسەر بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان کردووەتەوە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکان لە پاشماوەکانی داعش و دابینکردنی سەقامگیریی هەمیشەیی.