لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، 15 ڕێکخراو و حیزبی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵگەنامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە داهاتووی ئێراندا واژۆ کرد.
کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و بە بەشداریی چەندین حیزب و لایەنی سیاسی بەڕێوەچوو؛ لەوانە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
لەو بەڵگەنامەیەدا کە لایەنە بەشداربووەکان واژۆیان کرد، جەخت لەسەر لانیکەمی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە داهاتووی ئێراندا کراوەتەوە، هەروەها ئەم خاڵە سەرەکییانەی لەخۆ گرتووە:
قەدەغەکردنی لەسێدارەدان: داوای هەڵوەشاندنەوە و قەدەغەکردنی یەکجارەکیی سزای لەسێدارەدان دەکرێت.
ئازادییەکان و دادپەروەری: جەخت لەسەر ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، یەکسانی لەبەردەم یاسا، ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و میدیا کراوەتەوە.
سیستەمی داهاتوو: واژۆکەران داوای هەڵبژاردنی ئازاد و گشتگیر، داڕشتنی یاسای بنەڕەتی بە پرۆسەیەکی دیموکراتیک، بەشداریی کارای ژنان و کەمینەکان و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت دەکەن.
دادپەروەریی گوزەرە: بەڵگەنامەکە جەخت لەسەر قەدەغەکردنی تۆڵەسەندنەوە و سزادانی بەکۆمەڵ دەکاتەوە، لەگەڵ دابینکردنی ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و زیانلێکەوتووان.