بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بەپەلەی بڵاو کردەوە و داوا لە دەرچووانی تیروپشکی حەج بۆ ساڵی ٢٠٢٨ دەکات کە بە هیچ شێوەیەک سەردانی نووسینگەکان نەکەن، هاوکات وتەبێژی دەستەکەش وردەکاریی ڕستەی مامەڵەی حاجیانی ساڵی ٢٠٢٧ ئاشکرا دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (نوچە تیڤی)، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم، ڕایگەیاند که لە هەفتەی ڕابردووەوە پرۆسەی ڕاییگرتنی مامەڵەی حاجیان دەستی پێ کردووە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت. سەبارەت بە تێچوو و ڕێکارەکان، ناوبراو ئەوەی خستە ڕوو که لە سەرەتادا بڕی ٦ ملیۆن دینار وەک گوژمەی یەکەم لە حاجیانی ساڵی ٢٠٢٧ وەردەگیرێت، تا ئەو کاتەی تێچووی کۆتاییی حەج لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بە فەرمی دیاری دەکرێت.
وتەبێژی حەج و عومرە داوای لە حاجیانی ساڵی ٢٠٢٧ کرد کە لە کاتی سەردانیکردنی نووسینگەکاندا بۆ ڕاییگرتنی مامەڵەکانیان، ئەم مەرجانەی خوارەوە لەبەر چاو بگرن:
پێشکەشکردنی کۆپییەکی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی لەسەر یەک لاپەڕە.
هێنانی کارتی بایۆمەتری.
پێشکەشکردنی ژمارەی کەسی (UPN).
لە لایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە جەختی کردەوە که بە مەبەستی کارئاسانی و خۆپاراستن لە قەرەبالغی، حاجیانی ساڵی ٢٠٢٨ بە هیچ شێوەیەک سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نەکەن تا ئەو کاتەی بە فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە، چونکە لە ئێستادا تەنها تیشک دەخرێتە سەر ڕێکارەکانی مامەڵەی حاجیانی ساڵی ٢٠٢٧.