بە تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی گەڕی نوێی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێشتا لێکەوتەکان و ئازاری هێرشە خوێناوییەکەی سەر قوتابخانەیەک بە کراوەیی ماوەتەوە.
لەو هێرشەدا 155 کەس بوونە قوربانی کە زۆرینەیان منداڵ بوون، بەشێک لە خێزانەکانیش تاوەکو ئێستا بە دوای تەرمی منداڵەکانیاندا لەژێر داروپەردووی ڕووخاوی قوتابخانەکەدا دەگەڕێن و نەیاندۆزیونەتەوە.
قوتابخانەکە نزیکەی 10 تا 12 ساڵ بەر لە ئێستا شوێنێکی سەربازی بووە و دواتر گۆڕدراوە بۆ بنکەیەکی پەروەردەیی و تەندروستی، بەڵام دیارە ئەو زانیارییەلای ئەمریکا و ئیسرائیل نەبووە. خێزانی قوربانییان بە ئازارەوە باس لە دۆخی دوای ڕووداوەکە و سەختی لەبیرکردنی منداڵەکانیان دەکەن کە بە بێ تاوان بوونە قوربانی.
هێرشەکە لەسەر ئاستی جیهانی لۆمەکردن و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووداوەکە چەندین جار وەک پرسیار ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراوەتەوە، بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستاش هەمان وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و هیچ کەسێکیش لەسەری سزا نەدراوە.