لە خۆپێشاندانەکانی شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستاندا، سێ برای کورد بە تەقەی چەند چەکدارێک بریندار کران و هێرشیش کرایە سەر هێما و نیشانە کوردییەکان.
لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێکدا بە درووشمی "سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت"، سێ برای هاونیشتمانی بە ناوەکانی نەزیر (20 ساڵ)، دیار (16 ساڵ) و محەممەد (19 ساڵ) کە کوردی خەڵکی شاری حەسەکەن، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لە نزیک بازنەی پیشەسازی (دوار الصناعە) لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هێرشیان کرایە سەر و بە سەختی بریندار کران، بە جۆرێک ئۆتۆمبێلەکەیان ئاڵای کوردستانی پێوە بووە و هەرسێکیان بە گوللە بریندار بوون و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەبووە.
ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە گەنجانی بەشداربووی خۆپێشاندانەکان، کە لە گەڕەکەکانی غوێران، نەشوە و عەزیزییەوە دەستیان پێ کردبوو، هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان، تابلۆی سەندیکای پارێزەران و پیشەوەران، وێنەی شەهیدان و هێما کوردییەکانیان دڕاندووە و زیانیان بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاندووە.