سەرەڕای هێرشەکانی پێشوو، ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ دەریدەخات، کە تاران توانیویەتی کارگە سەرەکییەکانی دروستکردنی موشەک و درۆن بپارێزێت و توانا سەربازییەکانی نوێ بکاتەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپیش بڕیاری داوە هێرشەکان تا دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە تشرینی دووەمی داهاتوو ڕابگرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی بلومبێرگ، لە کاتێکدا دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەدیوە، لێپرسراوانی هەواڵگریی ڕۆژئاوا ئاشکرایان کردووە، ئێران هێشتا توانای بەرهەمهێنانی چەکی نوێ و پڕکردنەوەی کۆگا موشەکی و درۆنییەکانی ماوە.
بە جۆرێک، تاران کۆگایەکی گەورەی مووشەکی بالیستی و چەکی دژە کەشتیی پاراستووە و دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا قەبارەی بەرهەمهێنانی زیاد بکاتەوە.
شارەزایانی سەربازی جەخت لەوە دەکەنەوە، وەستانی هێرشەکانی ئەمریکا هەلی بە ئێران بەخشیوە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی فراوانتر بکات و خۆی بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان ئامادە بکات، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسەوە، بڕیاری داوە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران ڕابگرێت.