فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، بە فڕۆکەیەکی جەنگی کەشتییەکی بازرگانییان لە دەریای عومان پەکخستووە، بەهۆی ئەوەی گوێی بە هۆشدارییەکان نەداوە و ویستوویەتی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران ببەزێنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی بە چەکی ورد و ئاراستەکراو هێرشی کردووەتە سەر بەشی دواوەی کەشتییەکە و بە تەواوی لەکاری خستووە، دوای ئەوەی کەشتییەکە لە یەکێک لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بەڕێکەوتبوو. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا هیچ کام لە سەرنشینانی کەشتییەکە بریندار نەبوون.
سێنتکۆم ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران، تاوەکو ئێستا چوار کەشتیی بازرگانییان پەکخستووە، 135 کەشتیی دیکەیان ناچار بە گەڕانەوە کردووە و 10 کەشتیی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێرانیشیان لەناو بردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، سوپای ئەمریکا داوای لە سەرجەم وڵاتان و کەشتییە بازرگانییەکان کردووە بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکان بن و لە کاتی تێپەڕبوونیان بە دەریای عومان و نێوگەرووی هورمز، لە هەماهەنگیدا بن لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا.