ڕاستەوخۆ

ئەنەکەسە: سەپاندنی ئەمری واقیع چارەسەری ئاڵۆزییەکانی حەسەکە نییە

reset font size increase font size

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) نیگەرانیی قوڵی خۆی بەرامبەر ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری حەسەکە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، داهاتووی ناوچەی جەزیرە لەسەر هاوبەشیی ئاشتییانە و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان بنیات دەنرێت.

ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنەکەسە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەسەکە کە تاوەکو ڕۆژی هەینی 9ی تشرینی یەکەم بەردەوام بوون، بەهۆی گوتار و دروشمی ئیستفزازییەوە گرژی و نیگەرانییان لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا دروستکردووە.

ئەنەکەسە هەموو جۆرە گوتارێکی شۆڤێنی و پەراوێزخستنی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێکخستنی کاروباری ئیداری و ئەمنی لە پارێزگاکەدا، نەک بە سەپاندنی ئەمری واقیع، بەڵکو لە ڕێگەی جێبەجێکردنی جددی و بەرپرسیارانەی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی ئێستاوە دەکرێت."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێکهاتەی فرەنەتەوە و فرەکولتووری جەزیرە لە عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی و پێکهاتەکانی دیکە، "بەردی بناغەی یەکێتیی کۆمەڵایەتییە" و داوای کرد ڕێز لە پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان خەڵکی ناوچەکە بگیرێت و پەنا بۆ تۆمەتبارکردن و وەدەرنان نەبرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی بە "بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانیی هاوبەش" ناوبرد و داوای لە تەواوی خەڵکی پارێزگای حەسەکە کرد دان بەخۆیاندا بگرن، دانوستان هەڵبژێرن و ڕێگە بە دروستبوونی فیتنە و دووبەرەکی نەدەن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.