میوەی ئەڤۆگادۆ، کە لەسەر ئاستی جیهانی بەهۆی سوودە تەندروستییەکانی و دەوڵەمەندیی بە چەورییە بەسوودەکان ناوبانگێکی بێپێشینەی پەیدا کردووە، لە پشت وێنە درەوشاوەکەیەوە کێشەیەکی گەورەی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی شاردووەتەوە؛ بە جۆرێک ئێستا بە میوەیەک بە تامی وشکەساڵی و بۆنی دارستانە سووتاوەکان دەناسرێت.
ئەم میوەیەی کە بە "زێڕی سەوز" ناسراوە، بازاڕێکی جیهانیی گەورەی بۆ دروستکراوە، بەڵام بەرهەمهێنانی چڕی زیاتر بۆ تێرکردنی ئارەزووی وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپایە. كەمپەینە مارکێتینگەکان تەنیا لایەنە تەندروستییەکەی نیشان دەدەن، بەڵام ئەو ڕاستییە تاڵە دەشارنەوە کە چاندنی ئەم میوەیە بووەتە هۆی وشکبوونی دەریاچەکان، داخورانی خاک، بڕین و سووتانی دارستانەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کارتێلە نایاساییەکانەوە.
ویلایەتی "میچواکان" لە مەکسیک، کە سەردەمێک لانکەی جوانییە سروشتییەکان بوو، ئێستا بەهۆی بەرهەمهێنانی چڕی ئەڤۆگادۆوە ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە. داهاتی ئەم میوەیە ساڵانە دەگاتە ملیاران دۆلار و 80٪ی بەرهەمەکە بۆ ئەمریکا هەناردە دەکرێت. ئەم پڕۆسەیە نەک تەنها لە مەکسیک، بەڵکو لە پێرۆ و چیلیش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توندی سەرچاوە ئاوییەکان.
شارەزایانی ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە وێرانکەرە، پێویستە خواستە دەرەکییەکان کەم بکرێنەوە و یاسا ژینگەییەکان بە توندی جێبەجێ بکرێن، چونکە پاراستنی ژینگە و مرۆڤایەتی لەم ناوچانەدا پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی ئەم "زێڕە سەوزە"دا.