ڕاپۆرت و ئامارە نوێیەکانی تایبەت بە کەرتی پیشەسازی و ژینگە لە تورکیا مەترسییەکی قووڵ لەسەر داهاتووی ژینگەی باکووری کوردستان ئاشکرا دەکەن؛ چالاكوانان دەڵێن تەنیا لە پێناو دەستکەوتنی باجێکی کەم، رووبەرێکی فراوان لە سروشتی ناوچەکە رووبەڕووی وێرانکاری بووەتەوە.
بۆڵەنت ئۆنگون، شارەزای بواری ژینگە رایگەیاندووە، لە کاتێکدا ملیۆنان هێکتار لە ژینگەی سروشتی و ناوچە پارێزراوەکان لە سەرانسەری تورکیادا بۆ کار و پڕۆژەکانی کۆمپانیاکانی کانزا واڵا کراون، زیانە گەورەکان لە ناوچە کوردییەکان چڕ بوونەتەوە.
بە گوتەی ئۆنگون، لە جوگرافیای باکوری کوردستاندا 150 هەزار هێکتار زەوی سروشتی (کە هاوتایە لەگەڵ 1.5 ملیۆن دۆنم)، لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە دراوە بە کۆمپانیاکانی دەرهێنانی کانزا.
ئەم شارەزایەی بواری ژینگە رەخنەی توند لە سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەنقەرە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، ژیان و سروشتی ناوچەکە لە کاتێکدا بەرەو وێرانبوون دەبرێت کە دەوڵەت تەنیا 3.5٪ وەک باجی شاهانە (Royalty) لەو کۆمپانیایانە وەردەگرێت.
چالاكوانان جەخت دەکەنەوە کە تێکدانی ئەم قەبارە گەورەیەی زەوییە کشتوکاڵی و سروشتییانە، دەبێتە هۆی کۆچکردنی زۆرەملێی گوندنشینان، وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و لەناوچوونی یەکجارەکیی ژینگەی سروشتیی ناوچەکە.
چاودێرانی سیاسی و ژینگەیی هۆشداری دەدەن کە راپەڕاندنی ئەم جۆرە پڕۆژە پیشەسازییانە بەبێ رەچاوکردنی لایەنی ئیکۆلۆژی، زیانێکی بێپێشینە بە ئابووریی خۆجێیی و تەندروستیی دانیشتووانی باکووری کوردستان دەگەیەنێت و هاوسەنگیی سروشتیی ناوچەکە بۆ هەمیشە تێکدەدات.