ڕاپۆرتی/ ڕێژنە سەردار
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هێزی ئاسمانی تا ڕادەیەکی زۆر مۆرکی ئەو نەتەوە دەوڵەمەندانە بوو کە توانای کڕینی فڕۆکەی پێشکەوتوویان هەبوو و لەگەڵ ئەو ڕاهێنانانەی پێویست بوون بۆ فڕینیان.
بەڵام فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان، ئەو هاوکێشەیان پێچەوانەکردەوە و دەستیان کرد بەسڕینەوەی ئەو مۆركه و توانای زیاتری بە هێزە بچوک و کەمتر دەوڵەمەندەکاندا بۆ بەرگریگردن لە خۆیان.
لەم جەنگەی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا پرسیارێک هاتوەتە ئاراوە؛ چۆن فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هەرزانەکان شەڕەکەیان ئاڵۆزتر کردووە؟
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید- 136ی ئێرانی بە نمونە؛
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرە، یەکلایەنە دەفڕێت بۆ ئامانجێک و لەکاتی لێدانیدا دەتەقێتەوە.
ئێران ساڵانێکە کاردەکات لە دروستکردن و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بێ سەرنشین بۆ خۆیی و هاوپەیمانەکانی، ئێستاش لەو کاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئهمساڵ هێرشیان کردە سەر ئێران، تاران سەدان موشەک و زیاتر لە هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو بهرژهوهندییهكانی واشنتنی له ناوچهكه کردووە.
ئەم چەکە زیاتر پشت بە ژماره دەبەستێت، نەک وردبینی، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە یەککاتدا هەڵدەدرێن بۆ ئەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکان بە هەڵەدا ببهن.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، نرخی یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار دۆلاردایە، لە کاتێکدا تێچووی یەک سیستمی بهرپهرچدانهوهی پاتریۆت چوار ملیۆن دۆلارە.

بە گوێرەی ئامارێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، تەنها لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا ئێران زیاتر لە هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهدی بەکارهێناوە و مەزەندە دەکرێت ئێران توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 10 هەزار لهو فڕۆکەیهی هەبێت لە مانگێکدا.
تەکنەلۆژیای جەنگ لەم ساڵانەی دواییدا بە خێرایی پەرەی سەند، گۆڕانکارییەک کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە شەڕی ئۆکرانیا دژی ڕوسیادا دەرکەوت، ئەوەی لە جەنگەکانی پێشوودا لە ملمانێکاندا بەکاردەهات زیاتر تانک و تۆپخانە بوون، بەڵام ئێستا بووەتە شەڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە وادەکات هێرشەکان لە دوورەوە ئەنجامبدرێت و مەترسی لەسەر فڕۆکەوانان و تیمەکانی فڕۆکەوانی کەمدەکاتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕوسیا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نزیکەی 70%ی قوربانییەکانی ڕوسیا پێکدەهێنن.
بەهێزترین فڕۆکەکانی ئەمریکا، پشت بە تیمی ڕاهێنراوی شارەزا دەبەستن، بۆ نموونە فڕۆکەی F-15 دوو کورسی پێویستی بە فڕۆکەوان هەیە کە ساڵانێک مەشق و ڕاهێنان دهكهن بە تێچووی بەرچاو.
ئەگەر یەکێک لەو فڕۆکانە تێکبشکێت، ئەمریکا نەک تەنها فڕۆکەکە لەدەست دەدات، بەڵکو لەوانەیە تیمی فڕۆکەوانیش لەدەست بدات.
لەبەرانبەردا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کەم تێچوەکان لە دوورەوە ئاڕاستە دەکرێن، ئەگەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەناوبچێت، تەنها تێچوەکەی لە دەستدەدات.
ئێستا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هاوسەنگی جەنگی بە تەواوی گۆڕیووە، هێرشکردن هەرزان بووە لە کاتێکدا تێچووی ڕێژەیی بەرگریکردن بەرزبوەتەوە.
ههروهها ئەمریکا سەرقاڵی پەرەپێدانی کۆمەڵێک تەکنەلۆژیای پێشکەوتووه بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان، کە لە ڕێی لە یزەری وزە بەرزهوه كار بۆ لەکارخستنیان دەکات ئهوهش لە ڕێگهی بەکارهێنانی خێرایی ڕوناکییەوە.