ڕاستەوخۆ

مارکۆ ڕوبیۆ: پێشکەوتنی کەم لە دۆخی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە

reset font size increase font size

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند واشنتن چاوەڕوانی بیستنی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەیە کە ئێستا لە تاران بەڕێوەدەچن.

ڕوبیۆ ئاماژەی بە بوونی "پێشکەوتنی کەم" لە دۆخەکەدا کرد، بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە کە هێڵە سوورەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و ئاسایشی دەریایی وەک خۆیان دەمێننەوە.

ناوبراو کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ سەردانی سویدی کردووە، ڕایگەیاند، "پێشکەوتنی کەم بەدەستهاتووە؛ نامەوێت زیادەڕۆیی بکەم، بەڵام گۆڕانکارییەکی کەم لە دۆخەکەدا هەیە و ئەمەش باشە."

ئەم لێدوانەی ڕوبیۆ هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، دیدارەکە بە مەبەستی تاوتێکردنی چەند پێشنیازێک بووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، "داواکارییە سەرەکییەکان وەک خۆیانن؛ ئێران و ئەم ڕژێمە هەرگیز ناتوانن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، دەبێت لە دانوستانەکاندا پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم چارەسەر بکەین."

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێران بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ناکات و ئەو بابەتەی بۆ دوای ڕێککەوتنی ئاشتی دواخستووە.

ڕوبیۆ ئاشکرایشی کرد کە جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، پرسی "گەروی هورمز" یەکێکی دیکەیە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان و گوتی، "ئێران هەوڵدەدات سیستمی باج و سەرانە لەو گەروەدا بسەپێنێت، ئەمەش هەرگیز ڕێگەی پێنادرێت؛ چونکە ئەگەر ئەمە لە گەروی هورمزدا ڕووبدات، لە پێنج خاڵی دیکەی جیهانیشدا دووبارە دەبێتەوە."

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.