سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ، ڕێکخراوی "نێت بلۆکس" کە چاودێریی دۆخی ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات ڕایگەیاند، پچڕان و سنووردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران چووەتە 84ـەمین ڕۆژی خۆیەوە و دەستڕاگەیشتنی گشتی بە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیاتر لە 1992 کاتژمێرە بە تەواوی پەکخراوە.
نێت بلۆکس هۆشداریدەدات کە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر کاتژمێرێک، کەلێنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەو وڵاتەدا قووڵتر دەبنەوە، چونکە لە ئێستادا هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا تەنیا بووەتە ئیمتیازێک کە بەستراوەتەوە بە ڕاددەی گوێڕایەڵی و سوودمەندبوون لە بڕیارەکانی دەسەڵات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم دۆخەدا، عەلی یەزدیخا، ئەندامی کۆمیسیۆنی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی گەڕاندنەوە و بەستنەوەی ئینتەرنێت لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.
لای خۆشیانەوە حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئینتەرنێت تەنیا بەستراوەتەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بلۆککردنە توندەشدا، تاران بەکارهێنانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی وەک "ستارلینک" لەناوخۆدا بە تەواوی قەدەغە کردووە و هۆشداریی داوە کە هەر بەکارهێنەرێک سود لەو تەکنەلۆژیایە وەربگرێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و ڕاودووستانی یاسایی دەبێتەوە.