میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند، لە میانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی نوێی یاساداناندا، محەممەد باقر قالیباف توانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێتەوە و بۆ ساڵێکی دیکە وەک سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرایەوە.
هاوکات پڕۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی جێگران و ئەندامانی دیکەی دەستەی سەرۆکایەتی هێشتا بەردەوامە.
جیی باسە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێران گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی ئامادەبوونی (حزوری) پەرلەمانتارانە دوای نزیکەی سێ مانگ لە داخرانی هۆڵی پەرلەمان.
دوای دەستپێکردنی شەڕی هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی ڕابردوودا، سەرجەم دانیشتنە ئاساییەکانی پەرلەمان بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و سەربازییەوە داخرابوون و لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران تەنیا یەک کۆبوونەوەی نائاساییان لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە (ئۆنلاین) ئەنجامدابوو، تاوەکو ئەمڕۆ کە دووبارە دەست بە دانیشتنە فەرمییەکان کرایەوە.