ڕاستەوخۆ

قالیباف: ئەوەی لە ڕێگەی دانوستانەوە بەدەستمان هێنا چەندین هێندەی هێرشە سەربازییەکانە

reset font size increase font size

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوەی لە ڕێگەی دانوستانەوە بەدەستیان هێناوە چەند هێندەی پێشڕەوییە سەربازییەکانە و دەڵێت: "ئێستا لە پێگەیەکداین کە چەکەکانمان نەختینە دەکەین."

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، قالیباف لە چاوپێکەتنێکدا لەبارەی کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن، ڕێککەوتنەکەی بە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناوبرد و چەند تەوەرێکی گرنگی خستەڕوو:

سەرکەوتنی دیپلۆماسی بەسەر بژارەی سەربازیدا

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لە باڵادەستیی بژارەی سیاسی کردەوە و گوتی: "هەر شتێک کە دەمانویست لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە بەدەستی بهێنین، چەند هێندە زیاترمان لە ڕێگەی دانوستانەوە وەرگرتەوە؛ ئەسڵەن بەراورد ناکرێت."

پێشی وابوو هەر شەڕێک ڕەنگە سەرکەوتنی تێدابێت، بەڵام ئەگەر ئەو سەرکەوتنانە لە کۆتاییدا نەبنە بەڵگەنامەیەکی یاسایی و سیاسی و تۆمار نەکرێن، هیچ سوودێکیان نابێت؛ نە لە مێژوودا و نە بۆ جێگیرکردنی دەستکەوتەکانی مەیدانی شەڕ.

دوورکەوتنەوە لە دروشم و پەیڕەکردنی عەقڵانییەت

 قالیباف داوای پەیڕەکردنی سیاسەتێکی واقیعی کرد و ڕایگەیاند: "دەبێت بە عەقڵانییەتەوە بڕۆینە پێشەوە؛ ئەو گرێیەی بە دەست دەکرێتەوە، پێویست ناکات بە ددان بیکەینەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە دروشم بە تەنیا هێز نییە و ئەگەر دوو جار دروشم بدرێت و کردار لەپشتی نەبێت، ئەو ڕێبازە خزمەت بە دوژمن دەکات.

گوتیشی: "دانوستان بە مانای خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو خودی عەقڵانییەت و هۆشیارییە. ئێستا لە پێگەیەکداین کە چەکەکانمان نەختینە دەکەین."

وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز

 سەبارەت بە پێگەی ستراتیژیی گەرووی هورمز، قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ناوچەیە توانایەکی شاردراوە بوو، بەڵام "دوژمن" بە کارەکانی خۆی کردی بە توانایەکی دیار و چالاك.

جەختیشی کردەوە کە بەڕێووەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز مافی وڵاتانی کەناراوەکەیە و ئێران مافی سەروەریی تێیدا هەیە، بۆیە سرووشتییە کە دەبێت لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە دەریاییەکاندا تێچوو و باج وەربگرن.

هەنگاو بەرامبەر هەنگاو لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا

لەکۆتاییدا، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران ڕوونکردنەوەی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دا و گوتی: "شێوازی 'هەنگاو بەرامبەر هەنگاو' لە خاڵی 13ی یاداشتەکەدا پێناسە کراوە. ئێمە بۆ ئەم بابەتە ناوبژیوان و چاودێرمان دەستنیشان کردووە کە بە ڕەزامەندیی هەردوولا لەوێ ئامادە دەبن و ڕەنگە وڵاتانی دیکە ئەو کارە بکەن."

قالیباف دڵنیایی دا کە "ئەگەر ئەوان هەنگاو نەنێن، ئێمەش هەنگاوی بەرامبەر نانێین."

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.