بە گوێرەی ئەو زانیارانەی لەسەر پێکهاتەی شاندی دانوستانکاری ئێران لە گفتوگۆ ستراتیژییەکانی ئێستای لەگەڵ ئەمریکا لە ئیسلامئاباد بڵاوبوەتەووە، دەرکەوتنی ناوی "محەمەد جەعفەری" وەک ئەندامی ژمارە 7ـى تیمی نوێنەرایەتی تاران دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە ڕاستیدا ئەم کەسایەتییە "محەمەد جەعفەری سەحراروودی"یە، ڕاوێژکاری باڵا و کەسی نزیکی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی پێشووی ئێرانە و مێژووی لەگەڵ مێزی دانوستان بە خوێن نووسراوەتەوە.
سەحراروودی کە پێشتر لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا ڕۆڵی هەبووە، تەنها دیپلۆماتکارێک نییە، بەڵکو یەکێکە لە "داواکراوە مەترسیدارەکانی" لیستی سووری پۆلیسی نەمسا، کە لە ڕێکەوتی 22ـى کانوونی یەکەمی 1989 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی (International Arrest Warrant) بۆ دەرچووە بە تۆمەتی پلاندانان و جێبەجێکردنی تیرۆرکردنی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملۆ، پرۆفیسۆری ئابووری و سکرتێری گشتی حزبی دیموکرات، لە کاتی دانوستانی"ئاشتی" لە شوقەیەکی ڤیێنا.
لێکۆڵینەوە وردەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەم فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە مەبەستی داپۆشینی پیشینەی ڕابردووی و تێپەڕاندنی سیستەمە ئەمنییەکان، پاشناوی "سەحراروودی" لە ناسنامە فەرمییەکانی سڕیوەتەوە و تەنها ناوی "جەعفەری" بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە کاتی گەشتە دیپلۆماسییەکانیدا وەک ئەندامی شاندی فەرمی لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی ڕزگاری بێت.





