پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار لە بەدلیس و ناوچەکانی دیکەی کوردستان تواناکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت و جیاکاری لە خزمەتگوزاری و دروستکردنی ڕێگەوبانەکاندا دەکات.
حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی بەدلیس، لە لێدوانێکدا باسی لە بوونی نادادپەروەری و پێشێلکاری لە دامەزراوە گشتییەکانی شارەکە کرد و گوتی، ئاکەپە دەوڵەتی حزبی دروستکردووە، بە جۆرێک کە نەک تەنها لە دروستکردنی ڕێگاکانی گوندەکاندا، بەڵکو لە پرۆسەی دامەزراندنی فەرمانبەران و مەزادەکانیشدا جیاکاری لەنێوان هاووڵاتییاندا دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کێشەیە تەنها تایبەت نییە بە بەدلیس، بەڵکو لە سەرجەم شارەکانی کوردستاندا بوونی هەیە، و جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ گۆڕینی ئەم هزرە و بەهێزکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆجێیی، دەم پارتی بەردەوام دەبێت لە خەبات و تێکۆشانەکەی.