وەزیری گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، عێراق خەریکە رێکارەکانی قەدەغەکردنی نەخشە و بەرنامەی ئاراستەبەری (Waze) کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەرەی پێدراوە، خێراتردەکات و بڕیارە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بەکارهێنانی بە تەواوی قەدەغە بکرێت.
مصطفى سنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەوە دا، "بڕیارمانداوە پێشوەختە بڕیاری پێشوومان بۆ قەدەغەکردنی بەرنامەی Waze لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە، بۆ کۆتایی ئەم مانگی کانوونی یەکەمەی پێشووەوە پێشخەین".
وەزیرەکە دەڵێت: "بەو پێیەی ئەپلیکەیشنێکی بەربڵاوی ئیسرائیلییە، هێشتا لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت"، و جەختیشی کردەوە کە بڕیاری قەدەغەکردنەکە "لە وەڵامی خواستی هاووڵاتییاندا" دراوە.
سنەد ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم جۆرە ئەپلیکەیشنانە یارمەتیدەرن بۆ سڕینەوەی غەززە لە نەخشە"، و جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای کڕینی لەلایەن کۆمپانیای گووگڵەوە، بەکارهێنانی هێشتا "پارە و زانیاری" بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەدات.
ئەپلیکەیشنی Waze کە لە سەرەتادا لە ساڵی 2006 بە ناوی (FreeMap Israel) دامەزرا و لە ساڵی 2013 لەلایەن کۆمپانیای گووگڵەوە کڕدرا، لەلایەن سێ کەسەوە پەرەی پێدراوە کە پێشتر لە یەکەی 8200ـی سوپای ئیسرائیلدا خزمەتیان کردووە؛ یەکەیەک کە بەرپرسە لە کۆکردنەوەی هەواڵگریی ئیستخباراتی و جەنگی سایبەری.
ئەم هەنگاوەی عێراق لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی یاسای تاوانبارکردنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی کە لە ساڵی 2022 لە عێراق دەرچووە، هەر کەسێک پەیوەندیی دیپلۆماسی، ئابووری، سیاسی، سەربازی، ئەمنی یان هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل دروستبکات، ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی یان سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە.
پێشتریش لە ساڵی 2017ـدا، ئێران بەهۆی بنەما ئیسرائیلییەکانی و مەترسیی ئەگەری هەواڵگرییەوە، دەستڕگەیشتن بە بەرنامەی Wazeـی لە وڵاتەکەیدا قەدەغە کردبوو.